

سەرۆك وەزیرانی عێراق لیستێك ناوی خستووەتە بەردەست سەرۆك وەزیرانی توركیا بۆ ئەوەی رادەستی عێراق بكرێنەوە كە لەناویاندا جێگری سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق هەیە.
رۆژنامەی شەرقلئەوست بڵاویكردەوە كە لەمیانی سەردانەكەی بۆ بەغدا ئەحمەد دادو ئۆغلۆ سەرۆك وەزیرانی توركیا لەلایەن عەبادییەو لیستێك ناوی خراوەتە بەردەست كە لەلایی دادگای عێراقەوە داواكراون.
بەپێی رۆژنامەكە ئەو كەسانەی كە عەبادی داوای كردوەن هەر یەكە لە تاریق هاشمی جێگری سەرۆك كۆماری پێشووی عێراقو سهرەعوبێدی موزەفی نوسینگەی هاشمیو حارس زاریو عەدنان دلێمی بوون.
هەروەها ئەوەشی رونكردوەتەوە عەبادی داوای لە سەرۆك وەزیرانی توركیا كردوە كە ئەو كەسانە سەرچاوەی ئاڵۆزییو دروستكردنی كێشەن بۆ عێراق ئەویش لەرێگەی ئەو كۆبوونەوانەی لە دەرەوە دەیكەن لەدژی عێراق.
رۆژنامەكە سەبارەت بە داواكردنی ئەو كەسانە لەلایەن عەبادیەوە پەیوەندی بە تاریق هاشمیەوە كردوەو ئەویش رایگەیاندوە كە ئەو هیچ تاوانێكی نەكردوە، بەڵكو كەیسەكەی سیاسیە نەك یاسایی.
هاشمی ئاماژەی بەوەشكردوە كە عەبادی ئێستا سەرۆك وەزیرانی حكومەتێكی یەكگرتووە ئەو كارەی زیان بەو یەكگرتوویە دەهێنێت، هاوكات ئامادەیی خۆشی دەربڕیووە لەبەردەم دادگا ئامادەبێت بێ تاوانی خۆی بسەلمێنێت.
لەسەر ئەو داوایەی عەبادیش رۆژنامەكە ئاماژەی بەهیچ وەڵامو هەڵوێستێكی ئەحمەد داودئۆغلۆ نەكردوە لەسەر داواكردنی ئەو كەسانەی عەبادی داوایی كردون.
هەریەك لەو ناوانەی ئاماژەی پێكرا لەساڵی 2013 لەلایەن حكومەتی نوری مالیكییەوە بەو تۆمەتبار كران كە دەستیان لەچەندین كردەوەی تیرۆرستی لەعێراق هەیەو لەلایەن دادگاشەوە داواكرابوون، بەڵام ئەو كەسانە لەرێگەی هەرێمی كوردستانەوە بەرەو توركیاو قەتەر هەڵهاتن.